ئەوقافی سلێمانی: ژنان نابێت بەشداریی نوێژی هەینی بکە

ئەوقافی سلێمانی: ژنان نابێت بەشداریی نوێژی هەینی بکە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ مامۆستا‌ و زانایانی ئایینی ‌و لیژنەی فەتوا کۆبووەوە، لەبارەی نوێژ لە مزگەوتەکانی سنووری پارێزگاکە و چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە نابێت گوتاری هەینی لە 10 خولەک زیاتربێت، هەوڵیش بدرێت گوتار‌ و نوێژی هەینی لە دەرەوەی مزگەوتەکان بێت. دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی […]

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ مامۆستا‌ و زانایانی ئایینی ‌و لیژنەی فەتوا کۆبووەوە، لەبارەی نوێژ لە مزگەوتەکانی سنووری پارێزگاکە و چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە نابێت گوتاری هەینی لە 10 خولەک زیاتربێت، هەوڵیش بدرێت گوتار‌ و نوێژی هەینی لە دەرەوەی مزگەوتەکان بێت. دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2020 چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردراوە مزگەوتەکانی ناو بازاڕی سلێمانی تەنیا بۆ بەکارهێنانی توالێت کراوە بن ‌و نوێژیان تێدا ناکرێت، تاوەکو بشکرێت موسڵمانان لەکاتی چوونیان بۆ مزگەوت دەمامک بەکاربهێنن ‌و بەرماڵ لەگەڵ خۆیاندا ببەنە مزگەوتەکان. بەپێی بڕیارێکی دیکە، ئافرەتان نابێت بچنە نوێژی هەینی، وەکو ئەوقافی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکردووە، ئەمەش لەپێناو بەکارهێنانی رووبەرێکی گەورەتر بۆ نوێژکردن، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، نابێت بە هیچ جۆرێک تەوقەکردن لەناو مزگەوتدا بکرێت، چونکە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی هەزار و 700 مزگەوت هەن، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دەرگای سەرجەم مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستان داخران، بەڵام دوای کەمبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەماوەکانی رابردوو، مزگەوتەکان لە کۆتاییەکانی مانگی رەمەزاندا کرانەوە، ئێستاش جارێکی دیکە دوای تەشەنەسەندنەوەی کۆرۆنا پێشنیازی داخستنەوەیان کراوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان تائستا هەزار و 466 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 542 کەسیان چاکبوونەتەوە و 28 کەسیش گیانیان لەدەستداوە

سه‌رچاوه: ڕووداو