پەیوەندییەک لەنێوان ددان و سەرئێشەدا هەیە؟
پزیشكێكی دەم و ددان، باس لە پەیوەندییەكانی ددان و سەرئێشە دەكات و هۆكارەكانی دەستنیشان دەكات.. پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دەم و ددان، ئاماژە بە بوونی پەیوەندیی نێوان ئازاری ددان و سەرئێشەدا دەكات، كە زۆرجار ئەو كەسەی كێشەی ددانی هەیە، تووشی ژانەسەر دەبێت، زۆربەی جار ئەو سەرئێشانە پێی دەگوترێت، ئازاری گواستراوە، كە بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، ددانی ئەقڵی ئەگەر ژانی هەبوو و چارەسەری زوو بۆ نەكرا، ئەوا ئازارەكە بۆ لای گوێیەكان و دواتر بۆ لایەكی سەر دەڕوات. ئەو پزیشكە، ئەوەش روون دەكاتەوە، كە بە شێوەیەكی گشتی، ئەو هۆكارە هەرە سەرەكییانەی ئێستا باون، ئەوانەی شەوان ددانیان لێك دەخشێنن و جیڕەجێڕیان هەیە، وا دەكات نەخۆشەكە هەست بە (تەشەنوج) گرژبوونی ماسوولكەكانی سەری بكات، ئەوەش یەك لە هۆكارەكانی سەرئێشەیە: ”لای خۆمان بە شەقیقە بەناوبانگە، هەرچەندە شەقیقە هۆكاری زۆرە، بەڵام ئەوە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، جگە لە هەوكردنی پووك و ددان، ئەویش هۆكارە.“
