پەیوەندییەک لەنێوان ددان و سەرئێشەدا هەیە؟

پەیوەندییەک لەنێوان ددان و سەرئێشەدا هەیە؟

پزیشکێکی دەم و ددان، باس لە پەیوەندییەکانی ددان و سەرئێشە دەکات و هۆکارەکانی دەستنیشان دەکات.. پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان، ئاماژە بە بوونی پەیوەندیی نێوان ئازاری ددان و سەرئێشەدا دەکات، کە زۆرجار ئەو کەسەی کێشەی ددانی هەیە، تووشی ژانەسەر دەبێت، زۆربەی جار ئەو سەرئێشانە پێی دەگوترێت، ئازاری گواستراوە، کە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، […]

پزیشکێکی دەم و ددان، باس لە پەیوەندییەکانی ددان و سەرئێشە دەکات و هۆکارەکانی دەستنیشان دەکات..

پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان، ئاماژە بە بوونی پەیوەندیی نێوان ئازاری ددان و سەرئێشەدا دەکات، کە زۆرجار ئەو کەسەی کێشەی ددانی هەیە، تووشی ژانەسەر دەبێت، زۆربەی جار ئەو سەرئێشانە پێی دەگوترێت، ئازاری گواستراوە، کە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، ددانی ئەقڵی ئەگەر ژانی هەبوو و چارەسەری زوو بۆ نەکرا، ئەوا ئازارەکە بۆ لای گوێیەکان و دواتر بۆ لایەکی سەر دەڕوات.

ئەو پزیشکە، ئەوەش روون دەکاتەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی، ئەو هۆکارە هەرە سەرەکییانەی ئێستا باون، ئەوانەی شەوان ددانیان لێک دەخشێنن و جیڕەجێڕیان هەیە، وا دەکات نەخۆشەکە هەست بە (تەشەنوج) گرژبوونی ماسوولکەکانی سەری بکات، ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی سەرئێشەیە: ”لای خۆمان بە شەقیقە بەناوبانگە، هەرچەندە شەقیقە هۆکاری زۆرە، بەڵام ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، جگە لە هەوکردنی پووک و ددان، ئەویش هۆکارە.“

ئەو پسپۆڕەی دەم و ددان نایشارێتەوە، هەندێک حاڵەت هەیە، پزیشک دەبێت چاودێریی بکەن، ئەویش ئەوەیە، کە نەخۆشەکە هیچ ددانێکی کلۆر نییە، لە هەمان کاتدا سەرئێشەی هەیە، لای وایە کە هۆکاری سەرئێشییەکەی ددانەکانیەتی، دەڵێت: ”هەندێک نەخۆش هەیە هۆکاری سەرئێشییەکەی تەنیا (تەشەنوج) گرژیی دەمارەکانی دەموچاوە، مانگانە حاڵەتێکی وامان هەیە، ئەویش بە حەب و دەرمان، یان بە نەشتەرگەری چارەسەر دەبێت، کە بە گرژبوونی دەماری پێنجەم بەناوبانگە.“

لەگەڵ ئەمانەش، بە قسەی ئەو پزیشکە، شەویلاگەکانیش ئەگەر کێشەیان هەبێت، ئەوا دەبنە هۆکاری بۆ سەرئێشە، ”بەگشتی لێکخشاندنی ددانەکان، هەوکردنی پووک و ددان، گرژبوونی دەمارەکان و کێشە لە جومگەکان و دەم و ددان هۆکارن بۆ سەرئێشە.“